إجمالي مرات مشاهدة الصفحة

السبت، 25 يوليو 2015

پارێزگاری كه‌ركوك پێشوازی كرد له‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق





دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: "ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ رووی له‌كه‌ركوك كردووه‌و حكومه‌تی ناوه‌ندیش وه‌ك پێویست هاوكاری ئیداره‌ی كه‌ركوكی نه‌كردووه‌".
ئێواره‌ی رۆژی 2015/7/25 د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ئۆفیسی تایبه‌تی خۆی پێشوازی كرد له‌ (ئێكهارد برۆزه‌) باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق‌و (ئه‌یكا هیندرێك كیربست) به‌رپرسی دۆسیه‌ی سیاسی له‌ كونسولخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر.
ره‌وشی ئاواره‌كانی سنوری پارێزگای كه‌ركوك‌و شه‌ڕی به‌گژاچوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش‌و كێشه‌ دارایی‌و سیاسیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ناوه‌ند تاوتوێ‌ كران.
پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: "به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تری عیراق, كه‌ركوك زۆرترین ژماره‌ی ئاواره‌ی له‌خۆگرتووه‌, به‌ڵام حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌ك پێویست هاوكاری ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ ناكات‌و ئه‌مه‌ش بارگرانی دروست كردووه‌".
له‌باره‌ی شه‌ڕی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش, د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم رایگه‌یاند: "هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانیان ئه‌و بۆشاییه‌ی به‌ هۆی پاشه‌كشه‌یه‌ی سوپای عیراق دروست ببوو پڕ بكه‌نه‌وه‌‌و ئارامی‌و ئاسایشی كه‌ركوك بپارێزن‌و به‌رگری له‌هه‌موو هاوڵاتیانی كه‌ركوك بكه‌ن به‌بێ‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی".
هه‌روه‌ك ووتیشی: "پێشمه‌رگه‌ له‌زۆربه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌كه‌ركوك سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناوه‌و تیرۆریستانیان رووبه‌رووی شكست كردۆته‌وه‌".
له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تۆپبارانكردنی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیا‌و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سنوری كوردستان‌و توركیاو پرسی نه‌ناردنی بودجه‌ی كه‌ركوك له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی‌و كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند تاوتوێ‌ كران.

ليست هناك تعليقات: