إجمالي مرات مشاهدة الصفحة

الأربعاء، 8 يوليو، 2015

بارزانی سوپاسی ئیداره‌ی كه‌ركوك ودانیشتوانه‌كه‌ی و پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش دا












ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/7/8 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شاری كه‌ركوك و له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی (70)ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی میحوه‌ره‌كان و چه‌ندین ئه‌فسه‌ری باڵای پێشمه‌رگه‌ وپۆلیسی پارێزگا ساز كرد .
سه‌ره‌تا هه‌موان خوله‌كێك بێده‌نگ وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ، بارزانی سوپاسی ئیداره‌ی كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌سه‌ر تیرۆریستاندا تۆماریان كرد و ئاسایش و ئارامی شاره‌كه‌یان پاراستوه‌ و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌ گرنگی تۆكمه‌ كردنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ خوارووی كه‌ركوك و سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وام به‌سه‌ر دوژمناندا .
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 ورده‌كاری پێشهاته‌كانی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی خسته‌ ڕوو .
لای خۆیه‌وه‌ دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك سه‌باره‌ت سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و قوربانییه‌كانیان دواو وتی هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی كه‌ پارێزه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانه‌ و پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوكه‌ ..
هه‌روه‌ها پارێزگاری كه‌ركوك ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌هاتوونه‌ته‌ پێش شاره‌كه‌ له‌ ڕووی ئابورییه‌وه‌و سه‌رف نه‌كردنی شایسته‌ داراییه‌كانی شاره‌كه‌ و ئه‌و بارگرانییه‌ی هاتۆته‌ سه‌ر كه‌ركوك به‌هۆی پێشوازی كردنییه‌وه‌ له‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن ئاواره‌ كه‌ فشاریان خستۆته‌ سه‌ر ئاو و كاره‌باو سوته‌مه‌نی له‌ شاره‌كه‌دا له‌ سایه‌ی لاوازی كۆمه‌كی حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و دۆسییه‌دا .
پارێزگاری كه‌ركوك له‌ كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانیدا بۆ میدیاكان دواو و وتی: ئه‌م سه‌ردانه‌ بۆ ده‌ستخۆشی بوو له‌ فه‌رمانده‌ و ئه‌ف‌سه‌ران و پێشمه‌رگه‌ بوو بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌ 6-6 تۆماریان كرد له‌ كاتێكی پێوانه‌ییدا ، و كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌رێنی بوو و ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ كرد ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك خۆیان دواڕۆژی سیاسی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش گرنگه‌ بۆ پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ .
پارێزگاری كه‌ركوك وتیشی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی پرسی ئازاد كردنی ناوچه‌كانی ژیر ده‌ستی داعش و كۆمه‌ك كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و داوای هاوكاری هاوپه‌یمانان كرا بۆ ئازاد كردنی دێی به‌شیر .
پارێزگاری كه‌ركوك وتی هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بارزانی گوێ بیستی پوخته‌یه‌ك بوو سه‌باره‌ت دۆخی هه‌موو به‌ره‌كانی شه‌ر و پێداویستییه‌كانی هێزی پیشمه‌رگه‌ و هه‌موان كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگی ڕۆڵی هاوپه‌یمانان و داوایان كرد بۆردومانی هاوپه‌یمانان به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ نزیك خورماتوو و تازه‌ و داقوق یش بگرێته‌وه‌ و باسی گرنگی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان كرا بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین ..
پارێزگاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ پێویستی یه‌ پشتیوانی زیاتره‌ له‌ پێناو ئازاد كردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش دان له‌ سنوری شاری كه‌ركوك و به‌شداری كردنی هاوڵاتییانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا .
له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا دكتۆر نه‌جمه‌دین په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێڕاق كرد و وتی پێش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان كۆبوینه‌وه له‌ به‌غداد‌ و هیوادارین وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیتان هه‌بێت و شایسته‌ داراییه‌كانی شاری كه‌ركوك بنێرن بۆ ته‌واو كردنی پرۆژه‌كان و دابین كردنی خزمه‌تگوزاری و سه‌قامگیر كردنی ئاسایش و ئارامی .

ليست هناك تعليقات: