به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2015/9/1 له ڕێوره‌سمێكی شایسته‌دا دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك بینای نوێی دوو خوێندنگای ڕاستی و رێبازی له گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری شاری كه‌ركوك كرده‌وه كه له میانه‌ی پرۆژه‌ی ژماره 1 ی فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكدا هاتوه كه بنیاتنانی 8 خوێندنگای 12 پۆلی له‌خۆ ده‌گرێت .
له لێدوانێكیشدا بۆ میدیاكان پارێزگاری كه‌ركوك وتی : كردنه‌وه‌ی ئه‌م بینا نوێیه په‌یامێكه به هه‌موان ده‌ڵێت كه پرۆژه‌كان له كه‌ركوكدا به‌رده‌وامن به تایبه‌تی له لایه‌ن هه‌ندێك وه‌زاره‌تی ئیتیحادییه‌وه و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه ئه‌م كاره بۆ دوو ساڵ دواكه‌وت به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌واو كرا و ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ی كاره‌كه‌ی جێبه‌جێكردوه پاره‌كه‌ی بۆ سه‌رف نه‌كراوه هاوشێوه‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كانی تری شاری كه‌ركوك كه تا ئێستا پاره‌كانیان سه‌رف نه‌كراوه له بواره‌كانی پاككردنه‌وه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و ڕێگاوبان و بیناكان و داوای كرد پلانێك دابنرێت بۆ هاوكاری كردنی به‌ڵێنده‌ره‌كان و دابین كردنی مافه‌كانیان له پێناو جێبه‌جێكردنی پرۆژه گه‌وره و هه‌ستیاره‌كان كه خزمه‌ت به دانیشتوانی شاره‌كه ده‌كه‌ن ..
پارێزگاری كه‌ركوك وتی ئێمه له شاری كه‌ركوك چه‌ندین پرۆژه‌ی بنیاتنانی خوێندنگامان هه‌بوه كه به ڕێژه‌یه‌كی باش كاری تیادا كراوه به‌ڵام دواتر كاره‌كانیان وه‌ستاوه له‌به‌ر نه‌بوونی بودجه و به‌ڵێنده‌ره‌كانیش ته‌واوی تواناكانی خۆیان خستۆته گه‌ڕ بۆیه داواكارین چاوخشاندنێك بكرێت به دۆخه‌كه‌دا و پلانی شایسته دابنرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه گرنگانه و ته‌واو بكرێن .
سه‌باره‌ت سیستمی لامه‌ركه‌زیش پارێزگاری كه‌ركوك وتی ئێمه به‌رده‌وامین له به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كان و هه‌ندێكیان ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێنه‌وه‌و به‌شێكیان پێویستی به 3 مانگه و حاڵی حازر مانگێكمان تێپه‌ڕاندوه و سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت ئه‌و بابه‌ته ده‌نگی له‌سه‌ردراوه جێبه‌جێی ده‌كه‌ین .
لای خۆیه‌وه به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت فه‌رحان حوسێن وتی ئه‌و 8 بینایه‌ی جێبه‌جێ كراوه تیایدا پشت به‌ستراوه به هه‌یكه‌لی ئاسنین و 12 پۆل و تاقیگه‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرن و سیستمی هه‌وافێنككه‌ره‌وه‌یان تیادایه و هه‌ر خوێندنگایه‌ك به بڕی ملیارێك و 350 ملیۆن دینار بنیات نراوه و ڕوونی كرده‌وه كه بنیاتنانی ئه‌م خوێندنگایانه‌و وپشتیوانی به‌رده‌وامی ئیداره‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جه‌نجاڵی خوێندنگاكان ده‌كات و گه‌شه به كه‌رتی په‌روه‌رده ده‌دات و خزمه‌ت به هاوڵاتییانی شاره‌كه ده‌گه‌یه‌نێت ..
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق