إجمالي مرات مشاهدة الصفحة

الجمعة، 23 سبتمبر 2016

پارێزگارى كه‌ركوك پێشوازى ده‌كات له‌ هاوسه‌رۆكى پارتى ديموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌)

پارێزگارى كه‌ركوك پێشوازى ده‌كات له‌ هاوسه‌رۆكى پارتى ديموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌)
پێش نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 23-9-2016 دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پارێزگارى كه‌ركوك پێشوازى كرد له‌ (سه‌ڵاحه‌دين ده‌ميرتاش) هاوسه‌رۆكى پارتى ديموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) كه‌ به‌ ياوه‌رى (عوسمان بايده‌مير) په‌رله‌مانتارى ناوچه‌ى (ڕه‌ها) و چه‌ندين په‌رله‌مانتار و ڕاوێژكارى پارتى ديموگراتى گه‌لان كه‌ به‌ سه‌ردانى گه‌يشتنه‌ شارى كه‌ركوك.
له‌ سه‌ره‌تاى ديداره‌كه‌دا پارێزگارى كه‌ركوك به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنى هاوڕێى خۆشه‌ويستى (ده‌ميرتاش) و وه‌فدى هاوڕێى كرد.
له‌ ديداره‌كه‌دا به‌ چڕى بارودۆخى سياسى ناوچه‌كه‌ له‌به‌ر ڕۆشنايى شه‌ڕى دژ به‌ تيرۆريستانى داعش تاووتوێكرا و جه‌خت كرايه‌وه‌ له‌ گرنگى چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى ديموكراتيانه‌ وڕێزگرتن له‌ بژارده‌كانى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ تێرو ته‌سه‌لى خرانه‌ به‌ر باس.
دواتر دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پارێزگارى كه‌ركوك پوخته‌يه‌كى سه‌باره‌ت بارودۆخى سياسى و ئه‌منى وئابورى شارى كه‌ركوك بۆ وه‌فدى ميوان باس كرد سه‌باره‌ت ئه‌و سياسه‌تى گۆڕينى ديمۆگرافييه‌ى ڕژێمى به‌عسى هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ كه‌ركوكدا په‌يڕه‌وى كرد وێڕاى سياسه‌تى پاكتاوى ڕه‌گه‌زى ده‌رهه‌ق به‌ پێكهاته‌كان و دواتر باسى بارودۆخى شاره‌كه‌ى كرد له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ته‌گه‌ره‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌ر داعش دا و پێشوازى كردن له‌ زياتر له‌ 600 هه‌زار ئاواره‌ كه‌ پێشبينى ده‌كرێت ئه‌و ژماره‌يه‌ زياتر بێت له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنى هه‌ڵمه‌تى ئازاد كردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى باشور و ڕۆژئاواى كه‌ركوكدا و ته‌ئكيدى كرده‌وه‌ كه‌ شارى كه‌ركوك سه‌لماندى بۆهه‌موو جيهان كه‌ بوه‌ته‌ سمبولێك مايه‌ى شانازى هه‌موانه‌.
دواتر پارێزگارى كه‌ركوك باسى بێبه‌ش كردنى هاوڵاتييانى كه‌ركوكى كرد له‌ مافه‌ ده‌ستورى و ياساييه‌كانيان له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و وتى سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌وانه‌ پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌ وه‌ك برا پێكه‌وه‌ ده‌ژين و به‌ ميكانيزمێكى هاوبه‌ش پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن.
دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) وتيشى كه‌ركوك بوه‌ وێستگه‌ى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تيرۆريستانى داعش دا به‌ هۆى يه‌كڕيزى و يه‌ك ده‌نگى پێكهاته‌‌كانيه‌وه‌ له‌ كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و كلدۆئاشۆرى ..
سه‌باره‌ت بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان پارێزگارى كه‌ركوك وتى جێبه‌جێكردنى ديموكراتى ڕاسته‌قينه‌ ده‌بێته‌ زامنى چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه‌كان و به‌ديهێنانى سه‌قامگيرى و‌ ئاوه‌دانى.
پاشان وله‌ ميانه‌ى كۆنگره‌يه‌كى ڕۆژنامه‌نوسيدا پارێزگارى كه‌ركوك وتى : ئه‌مڕۆ پێشوازيمان كرد له‌ سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى گه‌لان و وه‌فدى هاوڕێى و چه‌ندين بابه‌تمان پێكه‌وه‌ تاووتوێكرد وه‌ك پرسى گه‌شه‌پێدانى ديموكراتييه‌ت له‌ توركيادا و سه‌قامگير كردنى ئاسايشى ناوچه‌كه‌ و تاووتوێكردنى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان وجه‌خت كرايه‌وه‌ له‌ گرنگى دۆزينه‌وه‌ى ڕێگاچاره‌ى گونجاو بۆ كێشه‌كان و به‌دواداچوون كرا بۆ بارودۆخ له‌ ڕۆژئاوادا.
لاى خۆيه‌وه‌ (سه‌ڵاحه‌دين ده‌ميرتاش) خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى بۆ سه‌ردانى كردنى شارى كه‌ركوك و وسوپاسى ئيداره‌ى كه‌ركوكى كرد بۆ ئه‌و پێشوازييه‌ گه‌رمه‌ى له‌ خۆى و وه‌فدى ياوه‌رى كراو پشتيوانى خۆى ده‌ربڕى بۆ هه‌نگاوه‌كانى ئيداره‌ى شاره‌كه‌ كه‌ بوه‌ته‌ نمونه‌يه‌ك جێگاى شانازى هه‌موانه‌.
(ده‌ميرتاش) وتيشى ئێمه‌ كارده‌كه‌ين بۆ زامن كردنى يه‌ك گوتارى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان و كاركردن بۆ سه‌قامگير كردنى ئاسايش له‌ ناوچه‌كه‌دا و ڕێزگرتن له‌ خواسته‌كانى گه‌لانى توركيا و ناوچه‌كه‌.
له‌ كۆتايى ديداره‌كه‌دا دكتۆر (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) پارێزگارى كه‌ركوك وه‌ك ڕێزلێنانێك بۆ ڕۆڵ و كاره‌كانى پارتى ديموكراتى گه‌لان له‌ چه‌سپاندنى ديموكراتييه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌دا قه‌ڵغانى ڕێزلێنانى به‌خشى به‌ به‌ڕێز (ده‌ميرتاش).
لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى گه‌لان ديارييه‌كى پێشكه‌ش پارێزگارى كه‌ركوك كرد كه‌ گوزارشى ده‌كرد له‌ ئاشتى وپێكه‌وه‌ ژيان بۆ هێنانه‌دى ئيراده‌ى گه‌لانى ناوچه‌كه‌.












ليست هناك تعليقات: