إجمالي مرات مشاهدة الصفحة

الأحد، 31 أغسطس 2014

حاكم قادر: كۆمەككردنی پێشمەرگە و ئاوارەكان ئەركێكی نەتەوەیی و ئایینی و مرۆییە





سايتى كركوك 140

حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سوپاس و دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی و تەواوی شاروشارۆچكەكانی كوردستان كرد كە زۆر بەحەماسەوە بەشداری لە كەمپینەكانی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ هێزكانی پێشمەرگە و ئاوارەكان دەكەن و زۆریش لەو دڵسۆزانە خۆیان كۆمەكیان بۆ پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ بردووە و ئەو كارە پیرۆزەشی بە ئەركێكی نەتەوەیی و ئایینی و مرۆیی وەسف كرد.
حاكم قادر بەئامادەبوونی نەرمین عوسمان ئەندامی سەركردایەتی و ژمارەیەك لە كادرانی پێشكەوتووی ی.ن.ك، لەمیانی بەسەركردنەوەی كەمپینی (بەخشین بۆ كوردستان) كە مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی ی.ن.ك بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و ئاوارەكان رێكیخستووە، سەرلەنوێ بەناوی مەكتەبی سیاسییەوە دەستخۆشی لە رێكخەرانی هەڵمەتەكە كرد و كارەكانی بەرزنرخاندن و هاوكاری خۆی پێشكەشی هێزی پێشمەرگە و ئاوارەكان كرد و وتی: هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و ئاوارەكانی بەتایبەتی خوشك و برا ئێزدی و مەسیحییەكان كە بەهۆی زوڵم و زۆر و مەترسی دڕندەترین تاقمی تیرۆریستیدا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەركێكی پیرۆزە، هیواشی خواست تەواوی خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی كوردستان چالاكانە بەشداری لەو هەڵمەتەدا بكەن و دڵسۆزی و خەمخۆری خۆیان بۆ نیشتمان و نەتەوەكەیان بسەلمێننەوە.
كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دڵنیایی دایە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە چارەنووسی تیرۆریستان بەرەو لەناوچوون و دەچێت و سەرەنجام تێكدەشێن و ئەم رەوشەش لەسایەی خۆڕاگری و نەبەردی هێزی پێشمەرگە و خوێنی گەشی ئەو شەهیدانەی بەرگری لە ناوچەكانی كوردستان دەكەن، سەركەوتنی ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە و ئازادكردنی تەواوی خاكی كوردستان كۆتایی دێت وەك چۆن ئێستاش دەبینین كە هێزی پێشمەرگە بەهاوكاری و كۆمەكی نێودەوڵەتی گورزی كوشندە لە تیرۆریستان دەوەشێنێت و بست بە بستی خاكی كوردستانیان لێ پاك دەكاتەوە. وتیشی: دڵنیابن ئامانجمان روونە و بەتەواوی مافەكانمان دەگەین و هەرێمەكەمان پارێزراو و ئاودان و گەشەسەندووتر دەبێت

ليست هناك تعليقات: