هونه‌ر
به‌ده‌م زامی مرۆڤه‌وه
تاریق كارێزی
برین و زام، له زمانی كوردیدا یه‌ك واتایان هه‌یه. برین له جه‌سته بێت یان له ده‌روون، نیشانه‌ی ئه‌شك و گرفت، مه‌ینه‌تی و سته‌م و زۆردارییه. ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵیش گه‌شتێك به ده‌وری گۆی زه‌ویدا بكه‌یت، له زۆر شوێن و وڵات‌دا خه‌ڵكانێك ده‌بینی تووشی چه‌رمه‌سه‌ری و ئێش، ده‌رد و ژان هاتوون. له‌م گه‌شته خه‌یاڵییه‌ت به ده‌وری گۆی زه‌ویدا، ئه‌گه‌ر له ناوجه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له ئاسمانه‌وه له‌نگه‌ر بگریت، بڕوانیته چیا و لاپاڵه‌كانی زاگرۆس و تۆرۆس و باكووری دووچۆمان، دژوارترین جۆری ئازار و ژان، قووڵترین برینی به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌وێته به‌ر نیگای چاوت.
له نێو وڵاتی ئازارستاندا، هه‌میشه ده‌نگی ناڕه‌زایی هونه‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه. 45 ساڵ به‌ر له ئێستا، له شارێكی ئه‌م ئازارستانه‌وه، حوسێن كاكه‌یی ده‌نگی ناڕه‌زایی و به‌رهه‌ڵستانه‌ی خۆی دژ به داگیركه‌ر و چه‌وسێنه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌ڵبڕی. ئه‌و هونه‌ری له‌وه به‌رز و باڵاتر بینی، سه‌ر بۆ داگیركه‌ر دانه‌وێنێت یان ترس و سڵه‌مینه‌وه بیتاسێنێت. په‌یوه‌ست به‌مه، كاكه‌یی له گه‌رمه‌ی ته‌پڵ كوتینی قادسیه‌ی دووه‌مدا، له ناوجه‌رگه‌ی كه‌ركووكه‌وه ده‌نگی به‌رهه‌ڵستیی به‌رز كرده‌وه، نه‌خێری ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دۆخی سه‌نگه‌ر گرتنه له سته‌مكار، ده‌ره‌تانیش هه‌ڵاتن و خۆ ڕزگار كردنه له چنگی خوێنینی داگیركه‌ر، یان خۆ به ده‌سته‌وه‌دان و ملكه‌چی. مرۆڤی ئازاد ملكه‌چی و سه‌ر دانه‌واندنی لێ ناوه‌شێته‌وه، له سته‌م یاخی بوون ڕێی مه‌رد و ڕه‌ندانه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده 39 ساڵ به‌ر له ئێستا بڕیاری دا، دژ به سته‌می به‌عسی داگیركه‌ر بوه‌ستێته‌وه. له‌و كاته‌وه، ئه‌و له گۆڕه‌پانی مرۆڤپه‌روه‌ری و ئازادیخوازیدا، ئه‌میش كوردایه‌تی ناونیشانێكی گه‌وره و به‌رزیه‌تی، خۆی بینیوه‌ته‌وه. ئه‌و به‌شی هه‌ره زۆری ته‌مه‌نی له وڵاتێكی ڕۆژاوای ئه‌وروپا به‌سه‌ر بردووه، هاوكات ویژدانی هه‌رده‌م په‌یوه‌ست به پرسی مرۆڤناسی ماوه‌ته‌وه، بۆیه به ده‌گمه‌ن تابلۆی هه‌یه مرۆڤی وه‌ك فیگه‌ر، وه‌ك سیمبوڵ و واتا تێدا نه‌بێت.
له ڕووی شێواز و فیگه‌ر و ڕه‌نگه‌وه، له ڕووی پێكهاته و داڕشتنه‌وه، حوسێن كاكه‌یی له‌و كاته‌وه‌ی هه‌ردووكمان پێكه‌وه قوتابیی قۆناغی ئاماده‌یی بووین له كۆتایی ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردوو تا ده‌گاته ئێستا، گوتاری ستاتیكاییانه‌ی خۆی به ڕچه‌یه‌كی تایبه‌ت داڕشتووه، تا دێت چڕتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتری ده‌كات. ئه‌و ڕچه ستاتیكاییه‌ی ئه‌و پیاده‌ی ده‌كات، زاده‌ی ئه‌زموون و بڕیاری خۆیه‌تی، به گشتی ڕووبه‌ری نیگاری ته‌ختاییه، كه‌متر وابه‌سته‌ی ڕوانگه‌یه. مرۆڤ فیگه‌رێكی هه‌میشه‌یی ئه‌وه، به زۆری ناوه‌ندی تابلۆی پڕ ده‌كاته‌وه، زۆر جار له تابلۆی ئه‌ودا گیانداری دیكه‌ش ده‌بنه هاوه‌ڵی مرۆڤ. كه‌متر ڕه‌نگی ساده و زه‌ق به‌كار ده‌هێنێت، پتر ڕه‌نگی مات، تاریك و خۆڵه‌میشی له نێو گوتاری دیده‌یی خۆیدا جۆش ده‌دات.
له ڕووی داڕشتنه‌وه به‌رهه‌می ئه‌م هونه‌رمه‌نده به لای شێوازی گه‌وره شێوه‌كارانی ڕۆژاوای كوردستان و شێوه‌كارانی به‌غدایی ده‌شكێته‌وه. ئه‌مه‌ش دوور نییه زاده‌ی ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بێت له نێو گوتاری دیده‌یی ئه‌ودا.
كاتێك داعش په‌لاماری ئێزیدخانی دا له شنگاڵ، حوسێن كاكه‌یی هه‌ر زوو كۆڕه‌وی كوردی شنگالی كرده تابلۆ، سه‌ربڕینی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له لایه‌ن چه‌كدارانی توندڕه‌وی داعشه‌وه، خنكانی ئایلان له كه‌ناری ده‌ریای سپی و گه‌لێك بابه‌تی دیكه‌ی مرۆڤانه، كه كورد كاراكته‌ری سه‌ره‌كییانه، له لایه‌ن ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌وه كراونه‌ته گوتاری دیده‌یی، بوونه‌ته گه‌واهیی ستاتیكی له باره‌ی سه‌ربرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دوو سه‌ده‌یه به دوای به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و سه‌روه‌رییه‌وه‌یه. تابلۆكانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕشته‌ی زامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌نووسنه‌وه.
(*)ئه‌م بابه‌ته له گۆڤار و ماڵپه‌ڕی (گوڵان)دا بڵاو بووه‌ته‌وه.
تاريق كارێزی - کەرکوک
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق